Subscribe:

Ads 468x60px

۱۳۹۱ آبان ۳, چهارشنبه

نامه‌ى دایکى زیندانیه‌کى مانگرتوو؛ چه‌ند رۆژه‌ چاوه‌ڕێی مردنی رۆڵه‌کانمم


نامه‌ى دایکى زیندانیه‌کى مانگرتوو؛ چه‌ند رۆژه‌ چاوه‌ڕێی مردنی رۆڵه‌کانمم
مانگرتنی زیندانیان تادێت به‌فراوانتر ده‌بێت و له‌ ئێستادا له‌ نزیکه‌ی (75) زینداندا زیاتر له‌ (10) هه‌زار زیندانی له‌ مانگرتنی بێ واده‌ دان. له‌ به‌رده‌م ده‌رگای زۆرێک له‌ زیندانه‌کانیشدا گه‌لی کورد به‌ چالاکی جۆراوجۆر پشتیوانی له‌چالاکی زیندانیان ده‌که‌ن. 

یه‌کێک له‌وانه‌ دایکی یه‌کێکه‌ له‌و زیندانییه‌ مانگرتووانه‌ که‌ له‌به‌رده‌م ده‌رگای زیندانێکدا خۆوته‌نی چه‌ند رۆژێک له‌به‌ردیواری زینداندا چاوه‌ڕێی مردنی رۆڵه‌کانێتی. نامه‌که‌ی ئه‌و دایکه‌ که‌ به‌ وشه‌ی (من دایکم) ده‌ست پێده‌کات و به‌شێوه‌یه‌کی زۆر توند هاوار له‌دژی بێده‌نگی به‌رامبه‌ر به‌ داخوازییه‌کانی مانگرتووان ده‌کات. 

له‌ نامه‌که‌یدا هاتووه‌:"ئه‌وه‌ چه‌ند رۆژه‌ له‌به‌ر دیوارى زیندانم چاوه‌رێی مردنى رۆڵه‌کانمم، من دایکم ده‌نگى قوڕه‌ى سکى رۆڵه‌کانم دێته‌ به‌ر گوێم به‌ڵام هیچم له‌ ده‌ست نایه‌ت . ته‌نیا ده‌توانم لێره‌ راوه‌ستم. راده‌وه‌ستم ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌ى رۆله‌کانم بزانم که‌ له‌ ته‌نیشتیانه‌وه‌م و له‌گه‌ڵیانم، ئه‌ى مرۆڤایه‌تى چۆن ئه‌وانم هێنایه‌ دنیا ئه‌واش خاوه‌نداریان لێ ده‌که‌م."

من دایکم و په‌راسووه‌کانم بۆته‌ شیشی زیندان 

له‌ به‌رده‌وامی ئه‌و نامه‌یه‌دا هاتووه‌:"من دایکم منداڵه‌کانم له‌ ناوه‌وه‌ن، منیش له‌ زیندانى ده‌ره‌وه‌م، بێ ئه‌وان ژیان بۆ من زیندانه‌. په‌راسووه‌کانم بۆته‌ شیشه‌کانى زیندان، من له‌ خه‌ومدا کاتى منداڵێتى رۆڵه‌ نازداره‌که‌مم بینى، تۆ زۆر بچوک بوى، تۆ هێشتاش بۆ من بچوکى به‌ڵام ده‌ڵێن تۆ گه‌وره‌ بویت و تاوانت کردووه‌ ، تۆى هاویشتۆته‌ زیندانى غه‌دار.

دایکت بمرێ رۆڵه‌.. ده‌زانم تۆ بۆ من جه‌سته‌ت ڕووبه‌ڕوى مه‌رگ کردۆته‌وه‌. ده‌زانم تۆ حه‌ز له‌ برسێتى ناکه‌ى به‌ڵام بۆ باوه‌ڕى خۆت ده‌توانی هه‌رگیز نه‌خۆى. من تۆم وه‌ک پۆڵا مه‌زن کرد. من ده‌زانم ده‌یانه‌وێ جه‌سته‌ بڕزێنن، نازانم چه‌ند رۆژه‌ لێره‌م، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى که‌ رۆڵه‌که‌م رۆژ و شه‌وم لێ بووه‌ به‌یه‌ک. هه‌موو ساتێک دوعا ده‌که‌م که‌ خوا ڕه‌حمێکمان پێ بکات، دۆعا ده‌که‌م که‌ ئه‌م حاڵ و ئه‌حواڵه‌مان ببینێ و، ئه‌و غه‌دارانه‌ بێنێته‌ سه‌ر ڕێ. خوایه‌ تۆ گه‌وره‌ى. تا ئه‌مرۆ تۆ چۆنت ویست به‌نده‌یه‌کى وه‌ها بووم ، تۆ له‌ سه‌ره‌وه‌ من ده‌بینى. نه‌ من که‌سم عه‌زیه‌ت داوه‌، نه‌ مافى که‌سم خواردووه‌. نه‌ رۆژێک له‌ رۆژان بونى تۆم له‌ یاد نه‌کردووه‌. مه‌گه‌ر تۆ ئێمه‌ت له‌ یاد کردووه‌؟ که‌ ئه‌وه‌نده‌ زوڵم و زۆرداریمان لێ ده‌کرێ و تا دێت زیاتر ده‌بێ. مه‌گه‌ر خوایه‌ ئه‌و دڵ ره‌شانه‌ ئه‌م دونیایان داگیر کردووه‌، چ دایکێک ده‌یه‌وێ که‌ رۆله‌که‌ى له‌ به‌رچاوى بتوێته‌وه‌، تۆ چۆن ئه‌وه‌ قه‌بوڵ ده‌که‌ى؟ له‌ ناچارى دا نازانم چى ده‌ڵێم، دڵى من له‌ ناو زیندان دایه‌ و، وه‌ک گه‌ڵاى پایزى لێهاتووه‌ وه‌ک ئه‌وه‌ى وشک بوبێ و، کێ دێ پێى پیا ده‌نێت.

هیچ ده‌نگێک له‌ رۆله‌که‌مه‌وه‌ نایه‌ت . مه‌گه‌ر مرۆڤایه‌تى مردووه‌ ؟ یان من که‌ڕ بووم . به‌ڵام رۆڵه‌که‌م ده‌نگى قۆڕه‌ى سکت دێته‌ لام. هه‌ر که‌ چاوم لێک ده‌نێم له‌ مێشکمدا ده‌نگ ده‌داته‌وه‌ و، شێتم ده‌که‌ن . راده‌چڵه‌کێم و به‌ ترسه‌وه‌ وشیار ده‌بمه‌وه‌، له‌ ترسى مردنت دڵم ده‌له‌رزێ، به‌رخۆدانى بکه‌ نازداره‌که‌م رۆژانى ڕه‌ش ده‌بورێن و وه‌کو جاران ده‌چینه‌وه‌ گونده‌که‌مان.

به‌هیوام ، تۆش هیوات هه‌بێ ، لێره‌م و به‌ هیوا و چاوه‌روانى رۆڵه‌ نازداره‌که‌مم و ، ئیشک ده‌گرم بۆ تۆ و ، ئه‌و رۆلانه‌ى نازدارى دایکیانن ، ده‌نگم ببیسته‌ به‌ قوربان ده‌نگم ببیسته‌"

هیچ نظری موجود نیست:

پست کردن نظر