Subscribe:

Ads 468x60px

۱۳۹۰ مهر ۱, جمعه

‎"توركیا به‌ 8 مه‌رجی دژ به‌ كورد رێگه‌ی‌ به‌ دانانی راداری ناتۆ داوه‌"




‎"توركیا به‌ 8 مه‌رجی دژ به‌ كورد رێگه‌ی‌ به‌ دانانی راداری ناتۆ داوه‌"


ئاژانسی ده‌نگوباسی ئاریا بڵاوی كرده‌وه‌ توركیا هه‌شت مه‌رجی داناوه‌ بۆ دانانی راداری ناتۆ له‌سه‌ر خاكی وڵاته‌كه‌ی‌.
به‌شی نێو ده‌وڵه‌تی ئاژانسی ده‌نگوباسی ئاریا بڵاوی كرده‌وه‌ ئه‌مریكا تا كۆتایی 2011 له‌ عێراق پاشه‌كشه‌ ده‌كه‌ن و توركیاش له‌ هه‌لومه‌رجێكی وادا ئه‌م 8 داواكاریه‌ی‌ خستوه‌ته‌به‌ر ده‌ستی ئه‌مریكاییه‌كان:
1. هاتوچۆ بۆ فڕۆكه‌خانه‌ی‌ نێو ده‌وڵه‌تی هه‌ولێر بخرێته‌ ژێر كۆنتڕۆڵه‌وه‌.
2. رێگه‌ نه‌درێت برینداره‌كانی pkkله‌ نه‌خۆشخانه‌كانی هه‌رێم چاره‌سه‌ر بكرێن.
3. رێگه‌كانی چون بۆ قه‌ندیل دابخرێن و بخرێنه‌ ژێر چاودێریه‌وه‌.
4. ژماره‌ی‌ هێزه‌ چه‌كداره‌كانی توركیا له‌ هه‌رێمی كوردستان زیاتر بكرێت.
5. پێگه‌یه‌كی سه‌ربازی گه‌وره‌ له‌ نێوان شاخی قه‌ندیل و سنوره‌كانی توركیا دروست بكرێت و بدرێته‌ ده‌ست توركیا.
6. فڕۆكه‌ی‌ بێ فڕۆكه‌وان بدرێت به‌ توركیا.
7. ئۆپه‌راسیۆنی زه‌مینی توركیا به‌ به‌شداری هێزه‌ تایبه‌ته‌كانی بكرێته‌ سه‌ر شه‌ڕگه‌كان.
8. چالاكیه‌كانی pkk و pjak له‌ نێوان هێڵی هه‌كاری‌و شیرناخ كۆنتڕۆڵ بكرێت.
پێویست بوترێت چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كی ده‌نگوباس ئه‌و هه‌واڵانه‌یان پشت راست كردبوه‌و كه‌ توركیا به‌و مه‌رجه‌ رێگه‌ به‌ دانانی رادار ده‌دات كه‌ كێشه‌ی‌ كوردی له‌ كۆڵ بكرێته‌وه‌. ئاژانسی رۆیته‌رز و رۆژنامه‌ی‌ حوڕیه‌تی توركیا بڵاویان كرده‌وه‌ به‌رپرسانی توركیا له‌ وتوێژه‌كانیاندا له‌ گه‌ڵ جیمز كلاپر به‌رپرسی CIA له‌ ئه‌نقه‌ره‌ داوایان لێكردوه‌ تۆماری‌ ده‌نگی به‌رپرسانی pkk به‌ تایبه‌تی "موراد قه‌ره‌یه‌لان" و "جه‌میل بایك"یان پێ بده‌ن.

-----------------------------

ناسا: پێدەچێت ئەمشەو مانگی دەستكردی یوارس بكەوێتە سەر زەوی

چاوەڕوان دەكرێت كاتژمێری كاتژمێر 11ی ئەم شەو، مانگی دەستكردی یوارس كە تایبەتە بە ئاژانسی فڕۆكەوانی‌و كەشتیوانی ئاسمانی ئەمریكا، ناسراو بە ناسا بەهۆی لەخولگە دەرچونیەوە، بكەوێتە سەر زەوی بەڵام تا ئێستا نازانرێت بەدیاریكراوی دەكەوێتە كوێی زەوییەوە.
بەوتەی زانایانی ناسا، ئەو مانگە دەستكردە كە قورساییەكەی نزیكەی شەش تەن دەبێت‌و نزیكەی 3 مەتر درێژەو بەخێرایی 27 هەزارو 252 كیلۆمەتر لە كاتژمێرێكدا بەرەو زەوی دێت، پێدەچێت ئەمشەو بكەوێتە خوارەوە، بەڵام كات‌و شوێنی كەوتنەخوارەوەكەی بەتەواوی نازانرێت.
بەپێی دوایین ئەو زانیاریانەی كە لەسەر شوێن ‌و خولگەی مانگە دەستكردەكە وەرگیراوە، مانگە دەستكردەكە دەكەوێتە دەریای باكوری كیشوەری ئوسترالیا، بەڵام ئەم زانیاریانە بەپێی تێپەڕبوونی كات شایانی ئەوەن گۆڕانكاریان بەسەردا بێت.
زانیانی ناسا باس لەوەشدەكەن، بەهۆی لێكخشاندنی لەگەڵ بەرگە هەوای زەوی‌و گڕگرتنی، مانگە دەستكردە دەبێت بە 26 پارچەوە، ئەگەری بەركەوتنی هەر پارچەیەك لەو پارچانە بەر مرۆڤ یەك لەسەر 3200 یە كە ئەوەش ئەگەرێكی دوورە.
لەگەڵ بڵاوبونەوەی ئەم هەواڵە لەچەند رۆژی پێشوودا، ترس‌و نیگەرانیەكی زۆر لەناو نێوەندە ئەلكترۆنیەكانی ناو ئینتەرنێت‌و هەندێك نێوەندی كۆمەڵایەتی وڵاتاندا دروست كردوەو بەشێوەیەك هەندێك وایان لێكداوەتەوە كەدونیا كۆتای دێت، بەڵام زانایانی ناسا كاریگەریەكانی كەوتنەخوارەوەی ئەم مانگە دەستكردەوە زۆر بەبچوك‌و دیاریكراو وەسف دەكەن.
------------------------

جارێكیتر فڕۆكە جەنگیەكانی توركیا ناوچە سنوریەكانیان تۆپبارانكردوە

شەوی رابردوو فرۆكە جەنگییەكانی توركیا بۆ جارێكی تر ئاسمانی هەرێمی كوردستانیان بەزاندو بەچری بۆردومانی چەند گوندێكی سنوری ناحیەی وەرتێیان لەبناری قەندیل كرد.
شایەتحاڵێك لە گوندی زارگەڵی سەر بەناحیەی وەرتێ بەNRT راگەیاند، دەرنگانێكی شەوی رابردوو بۆ ماوەی یەك سەعات ژمارەیەك فڕۆكەی جەنگی توركیا بەچری بۆردومانی گوندی زارگەڵی‌و بۆكریسكان‌و پردەشاڵییان لەسنوری ناحیەی وەرتێ كردوە.
ئەو شایەتحاڵە وتیشی، ئەو بۆردومانە ترس‌و دڵە راوكێیەكی زۆری لەناو خەڵكدا دروستكردەوە، هەرچەندە هیچ زیانێكی گیانی بەدواوە نەبوە، بەڵام رەزو باخ و لەوەرگایەكی زۆری ناوچەكەی سوتاندوە.
سەرۆكی هەرێمی كوردستانیش ئەمڕۆ لە سلێمانی ڕایگەیاند، هەوڵێك هەیە بۆ بنەبڕكردنی تۆپبارانەكان لەلایەن كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بەڵام پەكەكە و پژاك موراعاتی وەزعی هەرێمی كوردستان ناكەن.
-------------------------

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر