Pages

Subscribe:

Ads 468x60px

۱۳۹۱ بهمن ۲۴, سه‌شنبه

پارتی سەربەستیی کوردستان پلۆنۆمی نائاسایی خۆی بەست


پارتی سەربەستیی کوردستان پلۆنۆمی نائاسایی خۆی بەست

ئەمڕۆ واتە ٢١ی ڕێبەندانی٢٧١٢کوردی بە بەشداری زۆرینەی ئەندامانی سەرکردایەتی، پارتی سەربەستیی کوردستان پلۆنۆمی نائاسایی خۆی بەڕێوەبرد.

ئاڵوگۆڕەکانی کوردستان و ناوچەکە و جیهان بە شێوەیەک هاتونەتە پێش کە دەبێ پارت و رێکخراوە سیاسیەکانی  ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەخۆ کەون و خۆیان لە گەڵ ئەو ئاڵوگۆڕانەدا بگونجێنن و کەلتوری ڕێفۆرم و گۆڕانکاری لە نێو چوارچێوەی ڕێکخراوی سیاسی دا ڕێکبخەن و پارت و ڕێکخراوە سیاسیەکانیان بەرەو رێکخراوەیی بون ببەن، وە ڕەخنە و پێشنیارە ڕێکخەرەکان بە سینگی فەراوانەوە وەر بگرن و زەمینەی ڕێفۆرم و ئاڵوگۆڕ پێکردن بۆ پرس و بابەتە هەستیار و چارەنوس سازەکان دەستەبەر بکەن.
لەو پێوەندیەدا پێویستە ئاماژە بەوە بکەیین کە بە پێشگیری کردن لە ڕەخنە و تۆمەت بارکردنی کەسایەتیە سیاسییە لێهاتوەکان ڕێگا بە هیچ شوێنێک ناگات و ئاکامی شکست و ڕۆخانی دەسەڵاتی دیکتاتوری بەدواوە دەبێت. هەروەها قۆرخ کردنی دەسەڵات و دەست بە سەر داگرتنی گشت ئۆرگانە حیزبیەکان لادانە لە ڕێبازی مرۆڤایەتی و پرەنسیبی دیموکراتیکی حیزبی کە خۆی لە خەبات بۆ ڕزگاری یەکجاری و دابین کردنی دادپەروەری کۆمەڵایەتی و ئازادی لە کوردستاندا دەبینێتەوە.
خەڵکی تێکۆشەروخەباتگێڕی کوردستان!
حیزب و لایەنە سیاسی و مەدەنیەکانی کوردستان!
هەروەک هەموو لایەک ئاگادارن زۆرینەی سەرکردایەتی پارتی سەربەستیی کوردستان لە بەیاننامەیەکدا ڕایانگەیاند کە:
پاش تێپەڕ بونی ١ ساڵ بە سەر کێشە ناوخۆییەکانی ناو پارتی سەربەستیی کوردستان، زۆرینەی سەرکردایەتی پسک بڕیاری دا کە بەرپرسی یەکەمی لە ڕیزەکانی خۆی دوور بخاتەوە.
بە مەبەستی تاووتوێ کردنی ئەو پرسە و هەروەها شێوەی خەبات و شێوازی کار کردن لە داهاتودا، ئەمڕۆ واتە ٢١ی ڕێبەندانی ساڵی ٢٧١٢ی کوردی زۆرینەی سەرکردایەتی پسک   پلۆنۆمی نائاسایی خۆی پێکهێنا.
ئێمە هەوڵ دەدەین کە لیرەدا ڕاستیەکان بۆ ڕای گشتی ئاشکرا بکەین و خەڵکی کوردستان لەوە دڵنیا بکەینەوە کە پارتی سەربەستیی کوردستان لە جاران ئەکتیڤتر و چالاکتر درێژە بە خەبات و تێکۆشانی خۆی دەدات. وە تا گەیشتن بە ئامانجە بەرزەکانی نەتەوەیی نەتەوەی کورد دەست لە خەبات وتێکۆشان هەڵ ناگرێت.
لەبەشی سەرەتای پلۆنۆمدا باس لەسەر ئەو پرس و بابەتانە کرا کە پێوەندیان بە لەکارلادانی بەرپرسی گشتی پێشووی پسک،ەوە هەبو.
خەڵکی خەباتگێڕی کوردستان، ئێمە لە ماوەی ئەو ١ ساڵە کە بە سەر کێشە ناوخۆییەکانی پارتی سەربەستیی کوردستاندا تێپەڕ دەبێت بە فەرمی ٢ کورتە نامەمان ئاراستەی بەرپرسی لە کار لادراوی پسک کردووە کە یەکیان لە توێی  ١٢ لاپەڕەدا و ئەویتریان لە توێی پەنج لاپەڕەدا، هەروەها دەیان کۆڕ وکۆبونەوەمان سەبارەت بەو پرسانە بەڕێوە بردووە، بەڵام ناوبراو ئیستاشی لە گەڵ بێت ئەو پرس و بابەتانە بە کێشەی تاکەکەسی(شەخسی)  پێناسە دەکات کە گوایە ئێمە وەک زۆرینەی پارتی سەربەستیی کوردستان دژی ئەوین و چاومان بە سەرکەوتنەکانی ئەو هەڵنایەت!. ئێمە وەک زۆرینەی سەرکردایەتی پسک چاوەڕوانی گرتنی پلۆنۆم لە ٣ی ٢ی ٢٠١٣ بوین، کەچی بەڕێز عارف باوەجانی لە ناکاو و بە بێ ئەوەی ئیمە بزانین سەفەری کوردستانی کرد و نامەیەکی پڕ لە تۆمەتی ئارەستەی زۆرینەی سەرکردایەتی پسک کرد. بەڵگەی ڕون لە بەردەست دایە کە ناوبراو هەستی بەوە کردبوو کە لەوانەیە لە پلۆنۆم دا لە کار لابدرێت، هەر بۆیە پەنای بۆ کەمپی باریکە لە باشوری کوردستان برد. ئێمە پرسیار لە پارت و ڕێکخراوە سیاسیەکانی کوردستان دەکەیین کە لە ناو کام پارت و ڕێکخراو کونگرە بە بێ گرتنی پلۆنۆمی پێش کونگرە گیراوە؟ ئەوە ڕاستییەکی حاشا هەڵنەگرە کە بەداخەوە بەڕێز باوەجانی دەسەڵات و ئۆرگانەکانی پسک،ی بۆ خۆی قورخ کردبوو.
کۆمەڵانی بەشەڕەفی خەڵکی کوردستان، پارتی سەربەستیی کوردستان لە پلۆنۆمی نائاسایی خۆیدا بڕیار گەلێکی چارەنوس سازی دەرکردووە کە ئاڵوگۆڕ بە سەر بەشێک لە پێڕەو پرۆگرامی پسک و هەروەها ئەدەبیاتی سیاسی پسک،دا دەهێنێت، ئەوەش وەک پێویستییەکی حاشا هەڵنەگر چاوی لێدەکرێت کە دەمێک بوو چاوەڕوانی ئەوەی لێدەکرا.
ئێمە بۆ ئەوە بۆ خەڵکی کوردستان و پارت و ڕێکخراوە سیاسیەکان ڕون بێتەوە کە ئەو پەڕی هەوڵی خۆمان بۆ چارەسەری  ئەو کێشانە داوە، لە خوارەوە بە شێوەی گشتی کۆی ئەو ٢ کورتەنامەیە دەخەینە بەر دیدی ئێوەی بەڕێز و تێکۆشەر!
١- جێگیرکردنی لێژنەی لێپرسینەوە کە دەسەڵاتی لێپرسینەوەی بەسەر هەمو ئۆرگانەکانی حیزبیدا هەبێت.
٢- جێگیرکردنی ناوەندی دیپلۆماسی کە هەمو پەیوەندیە دیپلۆماسیەکانی نێوان پسک و لایەن و کەسایەتیەکانی کوردستانی و جیهانی لە خۆ بگرێت و لەو ڕێگایەوە پەرە بە پەیوەندیە سیاسی و دیپلۆماسیەکان بدرێت.
٣- شەففافیەت لە دارای و ئابوری حزبدا.سەفەر کردنی هەر ئۆرگانێکی حزبی کاتێک بودجەی بۆ دابین دەکرێت کە لە لایەن ناوەندی دیپلۆماسیەوە ئەو سەفەرە بە گرنگ و پێویست هەژمار بکرێت.
٤- جێگیرکردنی کەلتوری لیبڕاڵی و دێموکراتی لە نێو ئۆرگانەکانی حزبدا. بە جۆرێک کە ئیتر هیچ ئۆرگان و تاکێکی حزبی بۆی نەبێ و نەتوانێ بە بێ لەبەرچاو گرتنی پایە بنەڕەتیەکانی دیموکراتی و زۆرینە بڕیار لەسەر پرسی هەستیار،گرنگ و چارەنوس ساز بدا.
٥- دروستکردنی دەستەی بەڕێوەبەری میدیاکانی حزب کە دەسەڵاتی بەسەر هەمو ماڵپەڕ و ڕاگەیەندنەکانی حزبدا هەبێت.
٦- دابین کردنی گۆشەیەکی تایبەت لە میدیاکانی حزب بۆ کار و چالاکیەکانی بەرپرسی یەکەمی حزب.
٧- دەبێ سەرجەم ئۆرگانەکانی حزبی بەڵگەی کار و چالاکیەکانی خۆیان لە چوارچێوەی وێنە،فیلم ودوکومێنت ئاراستەی لێژنەی لێپرسینەوە بکەن. تێبینی:هەر کار و چالاکیەکی دەرەوەی ئەو بازنەیە وەک کار و چالاکی حزبی نایەتە ئەژمارو حزب هیچ بەرپرسایەتیەکی لەو پێوەندیەدا لە ئەستۆ نیە.
٨- بۆدانانی ئۆرگانی نوێ یان ئاڵ و گۆڕی لە ناوبەرپرس و ئۆرگانەکانی حزبدا، دەبێ ڕەزامەندی زۆرینەی ئەندامانی سەرکردایەتی لەسەر بێ.
٩- بڕیاردەرانی ناو کۆنگرە دەبێ لە کەسانی سیاسی وخاوەن ئەزمون پێک بێن کە توانای لێکدانەوەی پرسە سیاسی و حزبیەکانیان هەبێت و لانی کەم یەک ساڵ لە ئەندامیەتی پسک،یان تێپەڕاندبێت بە جۆرێک کە دەبێ لێژنەی لێپرسینەوە پەسندیان بکات.
١٠- بەستنی دوایین پلۆنۆمی حیزب پێش کۆنگرەی دوو، بۆ باس کردن لە شێوە و بەڕێوەچونی کۆنگرە و هەروەها جێگیرکردن و باس کردنی ئەوپرس و بابەتانە کە لە توێی ئەو کورتەنامەیەدا خراونەتە ڕو.
لیرەدا ئەو خاڵانەش دەخەینە ڕو کە بونە هۆی لەکار لادان و دوور خستنەوەی بەرپرسی یەکەمی پسک لە ئەرک و بەرپرسایەتی:
١- نانەوەی تۆوی ئاژاوە لە ناو سەرکردایەتی پسک بە ئامانجی دابین کردنی بەرژەوەندی تایبەتی و تاکە کەسی خۆی و سەپاندنی ئەو پرس و بابەتانەی کە بۆ خۆی گرینگ بوو.
٢- بەرچەسپ لێدانی ناڕەواو قسە هەڵبەستن و تۆمەت بارکردنی ئەندامە لێهاتوو و چالاکەکانی ناو پارتەکە کە بووەتە هۆی دەرکردن و دوور خستنەوەیان لە ناو ڕیزەکانی پسک.
٣- پێوەندی گرتنی شاراوەی دوور لە چاوەدێری سەرکردایەتی لە گەڵ پارت و ڕێکخراوە و کەسایەتییەکان.
٤- بەکار بردنی پلە و پایەی حیزبی بە مەبەستی بەرژەوەندیە تاکە کەسییەکانی خۆی.
٥- خستنە ژێر دەست و شاردنەوەی دارایی پسک و بەکاری هێنانی بۆ بەرژەوەندی تاکە کەسی خۆی.
٦- بە زۆر خۆ سەپاندن بەسەر سەرجەم ئۆرگانەکانی حیزبدا.
٧- دەرکردن و ئاڵوگۆڕ پێ کردن بە نوێنەران و بەپرسانی پسک و ترساندنیان بە مەبەستی بێدەنگ کردنیان و هەروەها ئاگادار نەکردنەوەی سەرکردایەتی پسک لەو پێوەندیەدا.
٨- متمانە پێنەکردنی ناوبراو  بە ئەندامانی سەرکردایەتی و بەشداری پێنەکردنیان لە کۆڕ و کۆبونەوە گرینگەکانی پسک لە گەڵ هێزە کوردستانی و جیهانییەکان.
٩- سەفەر کردنی شاراوە ی بە دوور لە ئاگاداری و چاوەدێری سەرکردایەتی پسک.
١٠- بەشداری پێکردنی خزمەکانی خۆی نشتەجێ لە کەمپی باریکە لە کۆڕ و کۆبوونەوەکانی پسک بە مەبەستی کۆ کردنەوەی دەنگی زۆرینە.
١١- پێدانی پارە بە خزمەکانی خۆی بۆ بەشداری پێکردنیان لە کۆڕ و کۆبوونەوەکاندا.
١٢- نەناساندن و شاردنەوەی بەشێک لە ئەندامانی سەرکردایەتی پسک لە ساڵانی ڕابردوو دا تا ئیستاشی لە گەڵ بێت، لە زۆرینەی ئەندامانی دیکەی سەرکردایەتی. بۆ نمونە (سەرکەوت ئیلامی) بە جۆرێک کە تا ئیستا بۆ یەک جاریش ئەو جۆرە کەسانە لە کۆبونەوەی سەرکردایەتیدا بەشداریان نەکردووە، کە تەنانەت گۆمانی ئەوە دەکرێت کە هەر بونیشیان هەبێت.
پارتی سەربەستیی کوردستان لە بەشی کۆتایی پلۆنۆمی نائاسایی خۆیدا دەستەی کارگێڕی نوێ و بەرپرسی یەکەمی کارگێڕی هەڵبژارد. لە پلۆنۆمی نائاسایی کە بە بەشداری زۆرینەی ئەندامانی دەستەی کارگێڕی پارتی سەربەستیی کوردستان بەڕێوە چوو پێداچونەوە بە چەندین بڕیاڕی هەڵە ئامێزی پارتی سەربەستیی کوردستان کرا کە لەلایەن عارف باوەجانیەوە سەپێندرابون و دووپات کرایەوە کە بەرژەوەندیەکانی نەتەوەیی نەتەوەی کورد لە سەرەوەی هەموو بەرژەوەندیە حیزبی و تاکە کەسیەکانە و هەر ئەندامێکی پسک بە شێوەی نادرووست کەڵک لە دەسەڵات و پلەی حیزبی وەربگرێت سەرکۆنە دەکرێت.
ناوی ئەندامانی دەستەی کارگێڕی پارتی سەربەستیی کوردستان هەڵبژێردراوی پلۆنۆمی نائاسایی لە خوارەوە بە ڕیز دێن.
١- کەریم ڕەحیمی ئەقدەم: کارگێڕی گشتی.
٢- ڕێبوار ئەحمەد زادە: ئەندامی دەستەی کارگێڕی و بەرپرسی میدیای حیزب.
٣- ئاریتما موحەممەدی: ئەندامی دەستەی کارگێڕی و بەرپرسی کۆمەڵایەتی.
٤- نیشتمان فیشاڵ: ئەندامی دەستەی کارگێڕی و بەرپرسی بەشی بەرگری
٥- شاهۆ بەگیزادە: ئەندامی دەستەی کارگێڕی و بەرپرسی بەشی ماڵی حیزب.
٦- شلێر موراد ڕەسوڵی: ئەندامی دەستەی کارگێڕی و بەرپرسی پێوەندیە دەرەکیەکان.
٧- شۆڕش موحەممەدی: ئەندامی دەستەی کارگێڕی.
جێگرەکان:
١- کەوێلمەرس ئیراندوست.
٢- بێستون ئەحمەدی.
خەڵکی تێکۆشەری کوردستان، پارت و ڕێکخراوە سیاسیەکانی کوردستان ڕوی خەبات و تێکۆشانی ئێمە ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و هەروەها دوژمنی سەرەکی ئێمە داگیرکەرانی کوردستانن ولە سەری هەمویانەوە کۆماری ئیسلامی ئێرانە.
ئێمە خۆمان بە دۆستی هەمو پارت و ڕێکخراوە سیاسیەکانی کوردستان دەزانین و لەو پێوەندییەدا دەستی دۆستایەتی و هاوکاری بۆ هەمو لایەک ڕادەکێشین.
هەر لێرەوەش دۆستان و لایەنگرانمان ئاگادار دەکەیین کە ماڵپەڕی سەرەکی و فەرمی پارتی سەربەستیی کوردستان لە خوارەوەدا دانراوە و بە زوترین کات دەست بەکار دەبێت. هاوکات ڕایدەگەیەنین کە ماڵپەڕی پێشوو هی عارف باوەجانی یە و هیچ پێوەندیەکی بە پارت سەربەستیی کوردستانەوە نیە.
دەستەی کارگێڕی پارتی سەربەستیی کوردستان هەڵبژێردراوی پلۆنۆمی نائاسایی.
٢١ی ڕێبەندانی ٢٧١٢ کوردی بەرامبەر بە ١٠ی فیبرەواری ٢٠١٣ زایینی

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر