Pages

Subscribe:

Ads 468x60px

۱۳۹۱ مهر ۳, دوشنبه

ژنێكی كورد لە ناسا دا


ژنێكی كورد لە ناسا دا 
وارڤین – هەولێر: وێڕای چەوساندنەوەی ژنان و ناوزەدكردنیان بە بێ توانا، ژنێكی كوردی نیشتەجێی ئەوروپا بە ناوی (زەینەب كوربان) توانی شانازی بوون بە ئەندام لە ئاژانسی بۆشاییگەری ئاسمانی ئەمەریكا ناسراو بە (ناسا) بەدەستبهێنێت.

(زەینەب كوربان) ژنە كوردێكی باكووری كوردستانە و لە بەریتانیا سەرقاڵی توێژینەوە زانستییەكانییەتی لە بواری ئەمباركردنی وزەی هایدرۆجین پەرە پێداوە و تێزی دكتۆراكەی تەرخانكردووە بەو بابەتە زانستییە.

ئەو لە تەمەنی (9) ساڵیدا چووەتە بەریتانیا و لە زانكۆی له‌نده‌ن خوێندنی تەواو كردووە.


تێزەكەی (كوربان) لە بارەی ئەمباری وزەی هایدرۆجینەوە لە تاقیگەی (روسەرفۆرد ئەپلیتۆن) ئەنجامدراوە و زانكۆی ئۆكسفۆردی بەریتانی هاریكاریكردووە.

لە كاتێكدا (كوربان) سەرقاڵی توێژینەوە زانستییەكانی بوو لە بارەی ئەمباری وزەوە، كۆمپانیای (سیلا) كە لەو سەروبەندەدا دامەزرا  و به هاوكاری لەگەڵ لقی ئاژانسی ناسا كە لەگەڵ حكومەتی بەریتانیا هەماهەنگی هەیە، ئەو كۆمپانیایە دركی بە گرنگی دۆزینەوە نوێیەكەی (كوربان) كرد و هەلی لەدەستدانی وزە لە جیهان و دۆزینەوەی رێگە چارەیەك بۆ ئەمباری وزە و دۆزینەوەی سەرچاوەی وزەی نوێ بایەخی توێژینەوەكەی زیاتر كرد، ئەمەش هانی ئاژانسی ناسای دا كە پەیوەندی بكات بەو ژنە كوردەوە و وەك ئەندامێكی دامەزراوەكە پەسندی بكات.

كاتێك كه له ساڵی (2011) بۆ ماوەی سێ مانگ (كوربان) لەسەنتەری كیندی بۆ توێژینەوە زانستییەكانی بۆشاییگەری، كاری دەكرد، سەرنجی ئاژانسی ناسای بۆ لای خۆی راكێشا و دواجار وەك ئەندامی ئەو ئاژانسە وەرگیرا.

(زەینەب كوربان)  لە بارەی بەدەستهێنانی ئەو سەركەوتنەوە گوتی: "پێویستە هەمووان خەون بە داهاتوویەكی باشتر ببینن، بەدیهاتنی ئەو خەونانە ئەستەم نیین، من لە منداڵییەوە خەونم بەوەوە دەبینی ببمە كەشتیگەرێكی بۆشایی ئاسمان، ئێستاش بەشێك لەو خەونەم هاتەدی".

گوتیشی: "تەمەنم نۆ ساڵان بوو كاتێك هاتمە بەریتانیا، هەموو ئەو مەینەتیانەم تووشهاتن كە هەر منداڵێكی كۆچبەر لە وڵاتێكی بێگانەدا تووشی دەبن".

ئەو سەبارەت بە رەچەڵەكی خۆی گوتی: "زمان و ناسنامە دوانەیەكن كە كەس ناتوانێت زەوتیان بكات، ئەوان دەستەبەری خەونەكانمانن، ئێستا لە هەموو شوێنێك ئەوە دەڵێم كە من كوردم، شانازی بە ناسنامەكەمەوە دەكەم".

بایەخی توێژینەوەكەی ئەو ژنە كوردە لە كاتێكدایە كە بە گوێرەی ئاماری نەتەوەیەكگرتووەكان ژمارەی دانیشتووانی جیهان لە ساڵی (2050) دەگاتە (9) ملیار كەس و لەو كاتەشدا ژمارەی ئەو ئۆتۆمبێلانەی لە جیهاندا هەن دەگەنە (2) ملیار و نیو و سەرچاوە نەوتییەكان روو لە كەمبوونەوە دەكەن و خواست لەسەر وزە زۆر دەبێت و بەرهەمهێنانی وزە لە كورتی دەدات، هەربۆیە ئەمباركردنی وزەی هایدرۆجین و پاراستنی لە نێو پاتریدا رۆڵێكی سەرەكی دەبینێت لە دەستەبەركردنی وزەی پێویست.
http://warvin.org/dreja.aspx?=hewal&jmara=1395&Jor=1
-------------------
رانیه: لە هەشت مانگی رابردوودا 247 حاڵەتی توندوتیژی تۆماركراون
 
وارڤین – رانیە: لە ئامارێكدا كە تایبەت دەست (وارڤین) كەوتووە، تەنیا لە ماوەی هەشت مانگی رابردوودا لە دەڤەری پشدەرو بیتوێن (3) ژن كوژراون و (10) ژن بە هۆی سووتانەوە ژیانیان لەدەستداوە.

لە ئامارێكی نووسینگه‌ی راپه‌ڕینی بەڕێوبەرایەتی توندوتیژی دژ بە ژنان، كە لە (1/كانوونی دووەم – ینایر / 2012) تاوەكو (1 / ئەیلوول – سێپتێمبەر / 2012) حاڵەتەكانی توندوتیژی دژ بە ژنانی خستووه‌ته‌ڕوو، دەركەوتووە، لە ماوەی هەشت مانگدا، حاڵەتەكانی توندوتیژی گەیشتوونەتە (247) حاڵەت.

بە گوێرەی ئامارەكە لە كۆی ئەو حاڵەتانە (3) سێ‌ ژن كوژراوون كە دیارترینیان كوژرانی مامۆستا ساكار بوو لە شووباتی رابردوودا، هەروەها (25) حاڵەتی سوتان هەبووە، لەو ژمارەیەش (10) حاڵەتیان ژیانیان لەدەستداوە.

لەو بارەیەوە لە لێدوانێكی تایبەت بۆ (وارڤین) بەرپرسی نووسینگەی راپەرینی سەر بە بەڕێوبەرایەتی توندوتیژی دژ بە ژنان مقدم (حەسەن رەشید خۆشناو)، رایگەیاند، ئەمساڵ حاڵەتی تۆماركردنی سكاڵا لە لایەن ژنانەوە زیاتر بووە بە بەراورد لەگەڵ ساڵانی رابردوو.

ئا: ئەحمەد بۆڵه‌یی
--------------------------
كۆیە: كچێكی 17 ساڵ خۆی سووتاند
وارڤین – كۆیە: كچێكی تەمەن (17 ساڵ) دانیشتووی شارەدێی (تەقتەق)ی سەر بە كۆیە، خۆی سووتاند و بەهۆی سەختی حاڵەتی سووتاویەكەی گواسترایەوە بۆ هەولێر.

لە لێدوانێكی تایبەت بۆ (وارڤین) بەرپرسی نووسینگەی بەدواداچوونی توندوتیژی دژ بە ژنان لە كۆیە مولازم (دانا حاجی عەبدوڵڵا) رایگەیاند، ئەمڕۆ دووشەممە (24 / ئەیلول – سێپتێمبەر/ 2012) لە گەڕەكی شەهیدانی شارەدێی (تەقتەق) كچێكی گەنجی تەمەن (17) ساڵی، كە كچی ماڵەوەیە، بە ناوی (أ.ع.ع) ئاگری لەجەستەی خۆی بەردا و گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانە.

ملازم (دانا) گوتیشی: "ئەو كچە بۆخۆی ئاگری لە جەستەی خۆی بەرداوە و سكاڵای لەسەر كەس نیە و گوتویەتی بەهۆی دڵتەنگیەوە ئەو كارەی ئەنجامداوە و لە (%60) جەستەی سووتاوە".

روونیشیكردەوە، "ئەو كچە خاوەنپێداویستی تایبەتە و یەكێكە لە توشبووانی نەخۆشی (شیزۆفینیا) و باری دەروونی جێگیر نییە و لە كاتی وەرگرتنی وتەیدا لە لایەن پۆلیسەوە كەسی تاوانبار نەكردووە و  سكاڵای لەسەر كەسیش نییە".

ئا: زیلان عەلی 

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر