Pages

Subscribe:

Ads 468x60px

۱۳۹۲ اردیبهشت ۱۰, سه‌شنبه

بەیاننامەی پارتی سەربەستیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە پێوەندی بە ١ی مای ڕۆژی کرێکارانی جیهان!


بەیاننامەی پارتی سەربەستیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە پێوەندی بە ١ی مای ڕۆژی کرێکارانی جیهان!
لە ٤ی مانگی مای لە ساڵی ١٩٨٦ی زایینی کرێکاران لە شیکاگۆی ئەمریکا دەستیان بە ڕێپیوان و مانگرتن کرد، لە چونە سەر کارەکانیان خۆیان بوارد. داخوازی کرێکاران لەو سەردەمەدا ئەوە بوو کە کاتژمێرە کارییەکانیان لە ١٠ کاتژمێرەوە بۆ ٨ کاتژمێر دابەزێننە خوارەوە.


ئەوە بە یەکەم قۆناغی خەبات و تێکۆشانی کرێکاران لە جیهان پێناسە دەکرێت.  دۆخی کرێکاران لە جیهان ئاڵوگۆڕی بە سەردا هاتووە و لە دەیان وڵات بەشێکی زۆر لە مافەکانیان بە دەست هیناوە.
بەڵام هەلومەرجی نالەباری کرێکاران و دۆخی ژیانیان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ئالۆزە و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ دۆخەکە بۆیان قورستر دەبێت.
لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٣ی زایینی کاتێک کە ڕۆژئاوا و بەتایبەت ئەمریکا ئابڵۆقەی ئابووری بە سەر کۆماری ئیسلامی ئێران دا سەپاند خواردن و پێداویستیەکانی ڕۆژانە گران بون، ئەوەش کێشەی گەورەی بۆ کریکاران ساز کردووە. نرخی دراوی ئێران بە ڕێژەیەکی بەرچاو دابەزینی بە خۆیەوە بینی و کۆمەڵگای توشی قەیران کردووە.
لە لایەکی دیکەوە ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەک بەشێک لە کوردستانی بندەستی ئێران بۆ ماوەی پتر لە ٣٣ ساڵە لە گەڵ کێشەی ئابوری و بێکاری دەناڵێنێت. هاوکات دەرفەتی کار لەو وڵاتە بۆ کرێکارانی کورد نییە و بە ناچار بۆ کرێکاری ڕوو لە ناوچەکانی دیکەی ئێران دەکەن.
پێویست بە وتن دەکات کە کرێکارانی کورد لە ناوچە جیاجیاکانی ئێران توشی دەیان کێشە دەبن کە زۆر جار گیانیان دەکەوێتە مەترسییەوە و بریندار دەبن و تەنانەت هەندێک جار گیانیشیان لە دەست دەدەن. کێشەی کرێکاران لەو وڵاتە لە ناستاندارد بونی کەرەستە ئیمەنییەکانەوە دەسپێدەکات  تا دەگاتە بێکاری و دوور کەوتنەوە لە کار و دەر کردنیان لە سەر کارەکانیان.
هەنوکە ئەم دۆخە ئاڵۆزەی کە بە سەر کرێکاری کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەپاوە گران بونی کەرەستەو خواردن و بێکار بونی کرێکارانی لێکەوتۆتەوە.
ئەوە بەدەر لەوەیە کە "حەقدەستی" کرێکار مانگانە لەو وڵاتە بە کەمتر لە پانسەد هەزارتمەن خەمڵێندراوە، تەنانەت ئەو بڕە پارەیە زۆر جار دەکەوێتە مانگی دواتر و لە وەر گرتنی بێبەش دەبن.
هاوکات بە پێی لێکۆڵینەوەیەک کە لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان کراوە ئەو کەسانەی کە داهاتی مانگانەیان کەمتر لە یەک میلۆن و پانسەد هەزارتمەن بێت لە ژێر هێڵی هەژاریدا ژیان بە سەر دەبەن و لە گەڵ دەیان کێشەی ئابوری و کۆمەڵایەتی یەخەگیر دەبن.
کرێکاران لە وڵاتانی پێشکەوتوو دەیان ڕێکخراوی تایبەت بەخۆیان هەیە و یەکێتی کرێکاران و جوتیاران پێکدەهێنن و لە چوارچێوەی ئەو ڕێکخراوانەدا خۆیان ڕێکدەخەن، هاوکات نوێنەر بۆ خۆیان هەڵدەبژێرن و لەو ریگایەوە داواکانی خۆیان پێشکەش دەکەن و کاریگەری لە سەر دەسەڵات دادەنێن.
هەنوکە کرێکارانی کورد لە ئێران مافی دورست کردنی ڕێکخراو و سەندیکای کرێکاریان نییە و ناتوانن خۆیان لە چوارچێوەی ڕێکخراوی لەو چەشنە ڕێک بخەن.
کۆماری ئیسلامی ئێران دژایەتی ڕێکخراو و سەندیکا دەکات و بە هەموو شێوەیەک ڕێگە لە چالاکی کرێکاران لەو وڵاتە دەگرێت. ڕێکخراو بە کولتوری دیموکراتی پێناسە دەکرێت کە ڕەخنە لە دەسەڵات دەگرێت و لە دژی هەر چەشنە هەڵوێستێکی نەشیاو لە هەمبەر مافەکانیان پێداگری دەکات. هەنوکە لە ژیر سێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران دەیان کرێکار لە بەندیخانەکان بەندکراون و دەیانی دیکە لە سێدارە دراون.
هاوکات کۆڵبەرانی کورد لە ڕێگای سنورەکانی باشور و ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە بژێوی خۆیان دابین دەکەن و بووەتە سەرچاوەی بژێوی هەزاران کرێکاری کورد، بەڵام بەداخەوە ڕۆژانە لە نێوان سنوری دەستکردی ئەو دوو بەشەی کوردستان دەیان کرێکار و کٶڵبەری کورد لە لایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئیرانەوە دەکوژرێن و گیان لە دەست دەدەن. پارتی سەربەستیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەو هەڵسوکەوتەی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران ڕیسوا دەکات و داوا لە کۆمەڵگای نێو دەوڵەتی دەکات کە لە ئاست کوشتن و بریندار کردنی کۆڵبەرانی کورد بێدەنگ نەبن.
پارتی سەربەستیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ڕۆژی ١ی مای ڕۆژی کرێکارانی جیهان پیرۆزبایی ئارەستەی هەموو کرێکارانی کوردستان و جیهان دەکات.
هاوکات لە هەموو کرێکارانی کوردستان داواکارین کە هەموو هەوڵ و تێکۆشانێکی خۆیان بۆ یەکێتی و یەکڕیزیان بخەنە گەڕ، ماف و داخوازییەکانی کرێکاران لە یەکێتی و یەکڕیزی ئەو توێژەی کۆمەڵگا بە دەستەوە دێت.
ئێمە وەک پارتی سەربەستیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پشتیوانی خۆمان لە چینی کرێکار چینی بونیادنەری کۆمەڵگا بۆ بەدەست هێنانی مافەکانیان دەکەین و لە بەرنامە و پێڕەوی پارتی سەربەستیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان باییخێکی زۆر بە کێشەی کرێکاران دەدرێت.
دەستەی کارگێڕی پارتی سەربەستیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
١١ی بانەمەڕی ٢٧١٣ی کوردی  (١ی مای ٢٠١٣ی زایینی)
سەرچاوە: سەربەستی ئینفۆ

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر