Pages

Subscribe:

Ads 468x60px

۱۳۹۱ شهریور ۱۷, جمعه

هۆکاری زۆر بوونی تاوانەکانی کوشتنی ژنان وکچانی کورد چین؟

هوکاری سەرەکێ  ئیسلامیەکان و مەلاکانن کە ژنانی کورد بە کۆشت دەدەن

هۆکاری زۆر بوونی تاوانەکانی  کوشتنی  ژنان وکچانی کورد چین؟

نوسینی: عەبدوڵا مەحمود...
هەواڵەکانی سەربڕین و کوشتن، خنکێنراو، فڕێدراو، شێوێندراو...کەمتر نین لە هەواڵەکانی روداوەکانی هاتوچۆ، سنوربەزاندنەکانی توکیاو ئێران، ململانێی نێوان هەرێم و بەغدا، دەسەڵات ئۆپۆزیسێۆن، پیشێلکاری بەرامبەر بە رۆژنامەنووسان، دزی و گەندەڵی...تاد.


رۆژێک و تەنانەت نیوە رۆژێک نییە، هەوڵی کوشتن، دۆزینەوەی تەرمی خنکێنراو، لاشەی فڕێدراو، خێزانی سەربڕدراو، رفێنراو، ونبو... نەبنە سەردێری میدیاکان، کۆمەڵگای کوردستان هیچ کات و ساتێک بە ئەندازەی ئێستا، لەدۆخی" ئاشتیدا" خوێنی، لێنەچۆراوە.
هۆکاری ئەم تراژیدیایەی کۆمەڵگای داگرتووە، چی یە؟ کێ بەرپرسە لەم دۆخەو لەم ژینگە ترسناک و نائارامەی کوردستان؟
ئەگەر هەموو ئەم روداوانە بەرهەمی (کێشە کۆمەڵایەتیەکان) بن، کێ بەرپرسە لەو ژینگەیەی بۆتە سەرچاوەی کێشە کۆمەڵایەتیەکان؟ هۆکاری بوونی ژینگەیەکی ئاوا، کە کوشتار و خۆسوتاندن، سەربڕین و خنکاندن، ونبوون و رفاندن، دەکاتە دێوەزمەیەکی ترس و توقاندن، چییە؟
ئایا دەسەڵات و حزبە ئۆپۆزیسێۆنەکان، ئەم روداوانە بۆ کەم بەها سەیر دەکەن... بۆ بە هەواڵی جوڵەی سوپای عێراقی گرژ دەبن. بە تانەدان لە گرێبەستە نەوتیەکان، گڕ دەگرن. بە هەواڵی کەمکردنەوەی بڕی بودجە هار دەبن. بەسوتاندنی بارەگاگانیان هەڵدەشاخێن. بە برین و ڕاگرتنی بودجەکەیان هانا بۆ دارو بەرد دەبەن، بەڵام بۆچی ئەم روداوانە تەکانیان نادات؟
هۆکاری ئەم ڕوداوانە، ڕۆشنن. بەجیا لە خراپی سیستەمی پەروەردەو خوێندن و فێرکردن... ریشەی زۆربوونی ئەم هەموو تاوان و تاوانکاریی و کوشتارە، بریتین لە...زاڵكردنی فەزای ئیسلامی بەسەر کۆمەڵگادا لە ڕێگای سازشی دەسەڵات لەگەڵ گروپە ئیسلامیەکان و کەڵک وەرگرتنی گروپە ئیسلامیەکان لەناکۆکی نێوان یەکیتی و پارتی، وە لە ناکۆکی دەسەڵاتیش لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان و سازشی بزوتنەوەی گۆران لەگەڵ ئیسلامیەکان... یەكێک لەو هۆکارانەیە کە کەشی کۆمەڵگای بەرەو دواوە بردووە.
لە درێژەی ئەم سازان و کەڵک وەرگرتنەی ئیسلامیەکان لە ململانێ باڵەکانی بزوتنەوەی قەومی کورد لەگەڵ یەکتری، دەستگرتنی دەسەڵات بە یاساکانی سەرچاوەگرتوو لە ئیسلام و شەریعەتدا... هۆکارێکی ترە کە نەک هەر وای کردووە یاساکانی سزادانی بەعس بمێنەوە، بەلکو فرە ژنیشی لەپەرلەماندا کردوە بە یاسا... ئەمانەش لەگەڵ خۆیاندا نەریتە کۆنەپەرستەکانی ناو کۆمەڵگای دەمەزەرد کردۆتەوە، پەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکانی لە دڵی کرانەوەی کۆمەڵگا و باڵکێشانی تەکنەلۆژیادا بەسەر ژیانی کۆمەڵایەتیدا خستۆتە بەرامبەر بەیەکتری، لە لایەکەوە تۆرەکانی پەیوەندی و تەکنەکۆلۆژیاو داهێنانە تازەکان کۆمەڵگایان داپۆشیوە، لەلایەکی تریشەوە دەسەڵات و یاساکانی ناو کۆمەڵگا نەک بە داخراوی و دەست لێنەدراوی ماونەتەوە، بەڵکە کۆنەپەرستانەتر بوون... تا ئێستا کوشتنی ناموسی ناچێتە خانەی کوشتنی بە ئەنقەست و لە ژێر ناوی سڕینەوەی پەڵەی شەرەفدا، تۆمەتبار مەعسومە.
نەبوونی متمانەی زوربەی زۆری هاوڵاتیان بە دادگا و یاسا و بۆ بەدواداچوونی کێشەکانیان هۆکارێکی ترە، کە وای کردووە، خەڵکی کێشەکانی خۆی نەباتە دادگا و لە جێگای ئەوە یان تۆڵە و یان سوڵحی عەشایەری، بکاتە رێگایەک بۆ یەکلایی کردنەوەی کێشەکانی، ئەمە بەجۆرێکە تەنانەت بەشێک لە حزبەکان لەدەرەوەی یاساو دادگاو لەراستیدا بۆ بێ بەهاکردنی ئەو یاساو دادگایانەش کەهەن، نوسینگەی کۆمەڵایەتیان هەیە.
هۆکارێکی تر ئەوەیە مافە فەردی و مەدەنیەکانی تاک لە کۆمەڵگای کوردستاندا...بە تۆڕێک لە حەرام کراوەکان دەورە دراوە و دەسەڵات بەدەستگرتنی بەو یاسا دواکەوتوەکانەوە، ڕیگرە لەوەی مافە فەردیەکان و ئازادییە فەردییەکان، بەرەسمی بناسێت...خۆشەویستی و پەیوەندیەکان خۆشەویستیەکان بەگشتی هێشتا یاساغن و بەشاراوەیی بەڕیوەدەچن، لەکاتێکدا بەهۆی گەشەی هۆیەکانی پەیوەندییەوە ناکرێت هەموو ئەو پەیوەندیانەی نێوان ئینسانەکان و هەست و ئیحساسیان، کۆنترۆڵ و خەفە بکرێت...
هۆکارێکی تر قڵشتی قوڵی چینایەتی و بێئەوپەر و هەژاری و نەداری بۆ زوربەی زۆری خەڵکی لەدڵی گرانیەکی بازار دیکتاتۆر ئاسادا، بەدوای خۆیدا هێناوە... کە وای کردوە بەشێک لە لاوانی هیوا خنکێنراو و نەداری کوردستان، ناچار بە ئالودەبوون بەمادە هۆشبەرەکان بن و دەست بدەنە دزی و پەنا بۆ کردەوەی مافیایی و کوشتن و تاوانکاری...
هەروەها دیاردەی چەکداری لەدڵی دەسەڵاتی میلیشیایدا، هێشتا وایکردوە زۆرێک لە خەڵکی سەر بەحزبەکان و خەڵکی تریش چەک لەماڵەکانیان و  لە ناو کوشنی سەیارەکاندا بمێنێت... کە لەنەبوونی متمانە بەیاساو دادگا، چەک بڕیار بدات.
لەپاڵ هەموو ئەمانەدا بەدواداچوون بۆ ئەو یاسایانەش ناکرێت کە بەڵینی جێبەجکردنیان، هەموو ڕۆژە دوبارە دەکرێتەوە. بەتایبەت تۆمەتبارانی کوشتنی ژنان، لە ژێر ناوی شەرەفدا... سزای یاسایی قورسی نییەو تاوانبارانی ئازاد، دەکرێن...هەر ئەوەشە وای کردووە لە رێژەی کوشتاری دەیان هەزار ژن، و ناچارکردنی دەیان هەزار ژن بە خۆکوشتن... بەدەگمەن تۆمەتبارانیان، لە زینداندان و سزای قورس دراون.
بۆیە ئەگەر ئەو کێشەو کوشتارانە، سەرچاوەکەیان کێشەی کۆمەڵایەتییە، کە ئەمە بەشێکی راستی تیایە، بەڵام هۆکار و ریشەی رودانی ئەو هەموو کێشانە تارادەی بوونی بەدیاردەیەکی ترسناکی مۆتە ئاسا بە سەر ئاسایشی کۆمەڵایەتیەوە، دەسەڵات و حزبە ئۆپۆزیسۆنەکانی بۆرژوازی  کورد و مەیدانداری فەزای ئیسلامی و یاساو رێسا کۆنەپەرستەکان و دەمەزەردکردنەوەیان و بێمتمانەیی بەدادگا و بەرهەمی ناکۆکی نیوان خواستی ئینسانی و حەرام کردنیەتی. بەتایبەت لە دۆخێکدا کە  گەشەی هۆیەکانی پەیوەندی و چوونە سەری چاوەروانیەکانی تاک  بۆ ئازادی تیادا، ناکرێت بە فۆرمی پێشوو لە قاڵب بدرێت...
دەسەڵات و ئۆپۆزیسۆنیش...لەسەر هەموو مەسەلە و گرفتێکی سیاسی لەگەڵ ناوەند و لەنێوان خۆیاندا، لە ناوچەکە، وە لەسەر زۆر مەسەلەی لاوەکی  دێنە دەنگ و بۆ بەشی خۆیان نمایشی سیاسی و مانۆری جۆراوجۆر دەگێرن و کارتەکان و دۆسیەکان، بەدەستەوە دەگرن. پرۆژە و پاکیج ئامادە دەکەن و لە روانگەی خۆیانەوە مەترسیەکان، نیشان دەدەن... بەڵام لەبەرامبەر ئەم دۆخە ترسناکەدا کە ئاسایشی کۆمەڵایەتی هەراسان کردووەو کە قوربانیانی زیاد و زیادتر دەبن و شێوازی تاوانەکان، درندانەترو مافیایی تر دەردەکەون...یان بێدەنگن و یان لەژێر ناوی ئەوەی ئەم کیشانە کێشەی کۆمەڵایەتین...شانی خۆیان لەبەرامبەر ئەم روداوانەدا، خاڵی کردۆتەوە...ئەمەش نیشان دەدات کە ئەمانە تەنها بەدوای پێگەی سیاسی و بەرژەوەندی حزبی خۆیاندان، ئەوەی بۆیان جێگەی ئاوردانەوەی جدی نییە، ئەم دۆخەیە... هێشتا مەلەفی گرێبەستە نەوتیەکان، بری بودجە، مادەی ١٤٠، بەش لە پۆستەکان...تاد، مەیدان و زەمینەی جەنگ و ململانێیە، بەڵام پرسی ئاسایشی کۆمەڵایەتی و ئارامی هاوڵاتیان... بۆیان بایەخێکی نییە.
رێگای بەرگرتن بەو تاوانانە تەنها بە ریشەکیشکردنی و هەڵتەکاندنی سەرچاوەو هۆکارەکانی سەرهەڵدانی ئەم کێشانە و سڕینەوەی ژینگەی ئەم کردەوە ئینسانکوژی و تاوانانە، دەتوانی کارساز بێت. دەبێ خەڵکی کوردستان چۆن، بۆ ئازادی و نان و خۆشگوزەرانی و کۆتایی هێنان بە دزی و تاڵانی و گەندەڵی و بێمافەکانیان، لە مەیداندان، ئاواش دەبێت یەخەی دەسەڵاتی سیاسی بگرن بۆ ئاسایشی کۆمەڵایەتی و فەراهەم کردنی ئازادییە فەردی و مەدەنیەکان و توردانی یاسا کۆنەپەرستەکان و کەنار خستنی فەزای ئیسلامی بەسەر کۆمەڵگادا...نابێ رێگە بدرێت خەڵکی کوردستان بکرێتە قوربانی ناسەقامگیری سیاسی و تێکچوونی ئاسایشی هاوڵاتیان و ئاسایشی کۆمەڵایەتی
سەرچاوە پینوسەکان

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر